AhlulBayt News Agency

source : Leader.ir
Thursday

24 December 2015

3:13:43 PM
726711

Full Text;

Second Message of Ayatollah Khamenei to the Western Youth in Kurdish (Sorani)

Message of Ayatollah Khamenei to the Youth in Europe and North America in Kurdish (Sorani).

بسم الله الرّحمن الرّحیم

بۆ ھەموو لاوانی وڵاتانی رۆژاوایی

ئەو رووداوە تاڵانەی کە ترۆریسمی کوێر لە فەڕەنسە تۆماری کردن ، بۆجارێکی دیکەی منی ھان دا بۆ وتووێژ لە گەڵ ئێوە لاواندا . بۆ من زۆر جێگەی داخ و مخابنە کە ئەو جۆرە رووداوانە ببن بە مایە قسەوباس ، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر پرسە بە ئازارەکان بوارێک نەڕەخسێنن بۆ چارەدۆزینەوە و بۆ ھاوبیری ، زیانەکە دوو ھێندە دەبێت .رەنج و ئازاری ھەر مرۆڤێک لە ھەر شوێنێکی جیھیاندا خۆی لە خۆیدا بۆ مرۆڤەکانی دیکە مایەی پەژارەیە .

دیمەنی منداڵێک کە بەبەر چاوی ئازیزانیەوە گیان دەسپێرێ ، دایکێک کە شادیی بنەماڵەکەی لێ دەبێ بە ماتەم ، ئەو مێردەی کە جەستەی بێ گیانی ھاوسەرەکەی بە ھەڵەداوان بەرەو لایەک دەبات ، یان تەماشاوانێک کە نازانێ تا چەند ساتی دیکە دوایین پەردەی شانۆی ژیانی دەبینێ ، ئەوانە دیمەنی ئاوا نین کە ھەست و سۆزی ئینسانیی ھەڵنەخڕێنن .

ھەرکەس تۆزکاڵێک مرۆڤایەتی و ڤیانیی تێدابێت ، لە دیتنی ئەم دیمەنانە خەمبار دەبێ ، چ لە فەڕەنسە رووبدات و چ لە فەلەستین و عێراق و لوبنان و سوریا . بێگومان یەک و نیو ملیار موسوڵمان ھەر ئەو ھەستەیان ھەیە و لە ئەنجامدەران و سەبەبکارانی ئەم کارەساتانە بێزارن . بەڵام پرسەکە ئەوەیە کە ڕەنج و ئازارەکانی ئەمڕۆ ئەگەر مایەی بنیاتنانی دواڕۆژێکی باشتر و ھێورتر نەبێ ، تەنیا بە بیرەوەریەکی تاڵ و بێسەمەر کەم دەبێتەوە .

من دڵنیام کە ئێوە گەنجانن کە بە وانەوەرگرتن لە کێشە و ئارێشەکانی ئەمڕۆ دەتوانن رێگای نوێ بۆ بنیاتنانی داھاتوو بدۆزنەوە وببن بە لەمپەری ئەو رێگا چەپەکانەی کە رۆژاوای گەیاندووەتە خاڵی ئێستای .

راستە ئەمڕۆ ترۆریسم دەردی ھاوبەشی ئێمە و ئێوەیە ، بەڵام پێویستە بزانن نائەمنی و دڵەڕاوکەیەک کە لە رووداوەکانی ئەم دواییانەدا تاقیتان کردەوە ، لەگەڵ ڕەنج و ئازاری گەلانی عێراق ، یەمەن ، سوریا و ئەفغانستان کە لە ماوەی ساڵانی بەدوای یەکدا کێشاویانە ، دوو جیاوازیی گەورەی ھەیە .

یەکەم ئەوەی کە جیھانی ئیسلام لە رەھەندی بەرفراوانتر ، لە قەبارەی گەورەتر و بۆ ماوەی زۆر دوور و درێژتر قوربانیی ترس و تۆقان نانەوە و توندی و تیژی بووە ، و دوھەم ئەوەی کە بەداخەوە ئەم توندی و تیژیانە ھەمیشەلە لایەن ھەندێ گەورە ھێز بە شێوازی جۆربەجۆر و بە شێوەی کاریگەر داکۆکیی لێکراوە . ئەمڕۆکە کەم کەس ھەیە بێ ئاگا بێت لە رۆڵی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەدیھێنان یان بەھێزکردن و پڕچەککردنی ئەلقاعیدە و تالیبان و کلکە وەیشوومەکانی ئەوان .

لە تەنیشت ئەم پشتیوانیە راستەوخۆیەدا، لاگرانی ئاشکرا و ناسراوی ترۆریسمی تەکفیری بە پێچەوانەی دارابوونی دواکەوتووترین سیستمە سیاسیەکان ، ھەمیشە کەوتوونەتە ریزی ھاوپەیمانانی رۆژاوا . ئەوەش لە کاتێک دایە کە پێشەنگترین و رووناکترین بیر و ھزرەکانی سەرچاوەگرتوو لە گەلسالاریەکانی پێشڕەو لە ناوچەکەدا ، بێڕەحمانە سەرکوت کراون .ھەڵسوکەوتی دووفاقیانەی رۆژاوا لە گەڵ بزاڤی بێداری ئیسلامیی لە جیھانی ئیسلامدا نمونەی دیاری دژبەیەکی و پارادۆکس لە سیاسەتی رۆژاوادایە .

سیمای دیکەی ئەم دژبەیەکیە لەپشتیوانیی لە ترۆریسمی حکومەتیی ئیسراییلدا دەبینرێ . گەلی ستەملێکراوی فەلەستین زیاتر لە 60 ساڵە رووبەڕووی خراپترین چەشنی ترۆریسمە . ئەگەر دانیشتوانی ئوروپا ئێستا چەند رۆژێک لە ماڵەکانی خۆیان دەمێننەوە و خۆدەبوێرن لە ئامادەبوون لە شوێنە قەرەباڵغەکان ، بنەمەڵەیەکی فەلەستینی دەیان ساڵە تەنانەت لە ماڵەکەی خۆیدا لە چنگ مەکینەی کوشتار و تێکڕوخاندنی رژێمی زایۆنی لە ئەمان دانیە .

ئەمڕۆکە چ جۆرە توندی وتیژیەک لە باری دڵڕەقیەوە دەتوانین بەراورد بکەین بە شارۆچکەسازیی رژێمی زایۆنی ؟ ئەم رژێمە بێ ئەوەی کە ھەرگیز بە جددی و کاریگەر لە لایەن ھاوپەیمانانی دەسڕۆیشتووی خۆی یان لانیکەم دامودەزگا بە ڕواڵەت سەربەخۆکانی نێودەوڵەتیەوە سەرکۆنە بکرێ ، ھەر رۆژ ماڵی فەلەستینیەکان کاول دەکات و باغ و مەزراکانیان لەبەین دەبات ، بێ ئەوەی کە تەنانەت دەرفەتی گواستنەوەی کەلوپەلی ژیان یان دەرفەتی کۆکردنەوەی بەروبومی کشتوکاڵیی بەوان بدات و تێکڕای ئەم کارانە زۆربەی کات لە بەرامبەر چاوی ھەترەش بردوو و بە فرمێسکی ژنان و منداڵانێک رووەئەدەن کە شایەدی لێدان و ئازاردرانی ئەندامانی بنەماڵەکانی خۆیان و ھەندێ جار گوازرانەوەی ئەوان بۆ ئەشکەنجەگا سامناکەکانن .

ئاخۆ لە جیھانی ئەمڕودا دڵڕەقیەکی دیکە لەم قەبارە و ڕەھەندە و بەم بەردەوامیە دەناسن ؟ دەسڕێژکردن لە خانمێک لە چەقی شەقام تەنیا بە تاوانی ناڕەزایەتی بە سەربازی سەرتاپا پڕ چەک ، ترۆریسم نیە ؟ ئەم دڕندەکاریە لەبەر ئەوەی کە لە لایەن ھێزی سەربازیی حکومەتی داگیرکەر ئەنجام دەبێ ، نابێ پێی بگوترێ دەمارگرژی ؟ یان ڕەنگە ئەم وێنانە تەنیا لەبەر ئەوەی کە 60 ساڵ بەردەوام لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بڵاو ئەبنەوە ، ئیتر نابێ ویژدانی ئێمە بھاژێنێ ؟

لەشکەرکێشیەکانی ساڵانی رابردوو بۆ سەر دونیای ئیسلام کە خۆی قوربانیانی زۆری ھەبوو ، نمونەیەکی دیکە لە لۆژیکی پارادۆکسی رۆژاوایە . وڵاتانی ھێرش بۆسەر کراو ، جیا لە زیانی مرۆیی ، ژێرخانی ئابووری و پیشە سازیی خۆیان لەدەست داوە، ھەنگاونانی ئەوان بەرەو گەشە وەستاوە یان سست بووە . لە ھەندێ حاڵەتدا دەیان ساڵ بۆ دواوە گەڕاونەوە . سەرباری ئەوە ، گوستاخانە لەوانیان دەوێ خۆیان بە ستەملێکراو نەزانن .

چۆن دەکرێ وڵاتێک کاول بکەی و شار و گوندەکانی بکەیتە خۆڵەمێش ، لەپاشان بەوان بڵێی تکایە خۆت بە ستەملێکراو مەزانە ! لەجیاتی بانگێشتن بەرەو تێنەگەیشتن یان لەیادکردنی کارەساتەکان ، ئایا داوای لێبوردنی ڕاستگۆیانە باشتر نیە ؟ ئەو رەنجەی کە لەم ساڵانەدا جیھانی ئیسلام لە دووڕوویی و سیماگۆڕینی ھێرشبەرانەوە کێشاویەتی ، کەمتر لە زیان و خەسارە مادیەکانی نیە .

گەنجانی ئازیز ! من ھیوادارم ، ئێوە ئێستا یان لە داھاتوودا ئەم بۆچوونە ئالوودە بە ریاکاریە بگۆڕن ، بۆچوونێک کە ھونەرەکەی شاردنەوەی ئامانجە دوورەکان و رازاندنەوەی ئامانجی چەپەڵانەیە . بەبڕوای من یەکەم قۆناخ لە بەدیھێنانی ئاسایش ، ھەموارکردنی ئەم ھزرە توندوتیژەیە . تا کاتێک کە پێودانگی دوو فاقیی بەسەر سیاسەتی رۆژاوادا زاڵ بێ و تا کاتێ کە ترۆریسم لە ڕوانگەی لاگرانی بەھێزی ، بە چەشنی باش و خراپ دابەش بێت ، و تا رۆژێک کە بەرژەوەندیی حکومەتەکان بەسەر بەھا مرۆیی و ئەخلاقیەکاندا باڵادەست بکرێ ، نابێ بۆ ریشەکانی ترۆریسم لە شوێنی دیکە بگەڕێین .

بەداخەوە ئەم ریشانە بەدرێژایی ساڵان بەرەبەرە بە قوڵایی سیاسەتی فەرھەنگیی رۆژاوایشدا شۆڕبوونەوە و ھێرشێکی نەرم و بێدەنگی رێک خستووە . زۆر لە وڵاتانی جیھان شانازی دەکەن بە کولتوری خوجێیی و نەتەوەیی خۆیان ، ئەو کولتورانەی کە وێڕای پێشەنگیی و دەوڵەمەندیی ، سەدان ساڵ کۆمەڵگاکانی مرۆییان بە باشی دابین کردووە . جیھانی ئیسلامیش بەدەر لەم بابەتە نەبووە . بەڵام لە سەردەمی ھاوچەرخدا ، جیھانی رۆژاوا بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی پێشکەوتوو پێدادەگرێ لەسەر ھاوشێوەسازیی کولتووریی جیھان .

من داسەپاندنی کولتوری رۆژاوا بەسەر گەلانی دیکە و و بچووک کردنەوەی فەرھەنگ و چاندە سەربەخۆکان بە جۆرێک توندی و تیژی بێدەنگ و زۆر زیانبار دەزانم . شکاندنی کولتورە دەوڵەمەندەکان و بێ ڕێزیی بە بەڕێزترین بەشەکانیان لە کاتێکدا ئەنجام دەبێ کە کولتوری بەدیل بە ھیچ جۆر توانایی بەدیل بوونی نیە . بۆ وێنە دوو بابەتی « توندی و تیژی » و « بەڕەڵڵایی ئەخلاقیی» کە بەداخەوە بوونەتە فەکتەری سەرەکیی کولتوری رۆژاوایی ، بایەخ و جێگە و پلەی خۆی تەنانەت لە شوێنی سەرھەڵدانیشی لەدەست داوە .

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە کولتورێکی شەڕانی و بێ ڕەوشت و دوور لە مانامان نەوێ ، تاوانبارین ؟ ئەگەر ببینە لەمپەری ئەو لافاوە ماڵوێرانکەرەی کە لە قەواخی چەندین جۆر لە بەرھەمی نیمچە ھونەری بەرەو لای گەنجانی ئێمە دەنێردرێ ، خەتاکارین ؟ من گرنگایەتی و بایەخی پەیوەندیە رۆشنبیریەکان رەتناکەمەوە . ئەم پەیوەندیانە ھەرکات لە دۆخی ئاسایی و بەڕێزگرتن لە کۆمەڵگای وەرگر ئەنجام بووە ، گەشە و خەمڵینی بەدیاری ھێناوە . لەبەرامبەردا ، پەیوەندیی ناڕێک و نایەکسان و داسەپاو ناسەرکەوتوو و زیانبار بووە . بەوپەڕی مخابنەوە دەبێ بێژم گروپی پەستی وەک داعش زادەی ئەم جۆرە پەیوەندیە ناسەرکەوتووانە لە گەڵ کولتووی ھاوردەیین .

ئەگەر کێشەکە بەڕاستیی باوەڕیی بوایە ، دەبوایەلە چاخی ئیستعماریش ھاوشێوەی ئەم دیاردانە لە جیھیانی ئیسلامدا ببینرێ ، لە کاتێک دا کە مێژوو بەپێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێ . بەڵگەی حاشاھەڵنەگری مێژوویی بەڕوونی نیشان ئەدات کە چۆن تێکئاڵقانی ئیستعمار و بیرێکی توندڕۆ و فڕێدراو ئەویش لە ناخی ھۆزێکی بەدەوی دا ، تۆوی توندڕۆیی لەم ناوچەدا چاندووە ئەگینا چۆن دەکرێ لە لە یەکێک لە ئەخلاقی ترین و مرۆیی ترین قوتابخانە دینیەکانی جیھان کە لە ناخی خۆیدا گیان سەندنی تەنانەت یەک مرۆڤ وەک کوشتنی تێکڕای مرۆڤایەتی دەزانێ ، زبڵێکی وەک داعش بێتەدەرەوە ؟

لەلایەکی دیکەوە دەبێ بپرسین بۆچی کەسانێک کە لە ئوروپا بەدونیا ھاتوون و ھەر لەوێ لەباری فکری و رۆحیی پەروەردەبوونە ، پەلکێشی ئەم جۆرە تاقمانە دەبن ؟ ئایا ئەکرێ باوەڕ بکەین کەسان بە یەک دوو سەفەر بۆ ناوچە جەنگیەکان ، لەناکاو ئەوەندە دەمارگرژ بن کە ھاوڵاتیانی خۆیان گوللەباران بکەن ؟ بێگومان نابێ کارتێکەریی عومرێک پەروەردەی ناتەندروست لە شوێنێکی ئالوودە و بەدیھێنی توندی و تیژی لەیاد بکەین . دەبێ لەم بارەوە شرۆڤەیەکی تۆکمەمان ھەبێ ، شرۆڤەیەک کە پیسوپڵۆخیەکانی ئاشکرا و نەپەندیی کۆمەڵگا بدۆزێتەوە . ڕەنگە نەفرەتێکی قووڵ کە بەدرێژایی ساڵانی گەشەی پیشەسازیی و ئابووری لە ئەنجامی نایەکسانیەکان و ڕەنگە ھەڵاواردنی یاسایی و داڕشتیانە لە دڵی چین و توێژگەلێک لە کۆمەڵگا رۆژاواییەکان چێندراوە ، ھەندێ گرێی بەدی ھێناوە کە بەینابەین نەخۆش ئاسا بەم جۆرە سەرھەڵئەدا .

بەھەر حاڵ ئەوە ئێوەن کە دەبێ توێخ و توێژە رواڵەتیەکانی کۆمەڵگەی خۆتان لادەن و کینە و گرێکان بدۆزنەوە و بیانسڕنەوە . قەڵشتەکان لەجیاتی قوڵکردنەوە دەبێ چاک بکەنەوە . ھەڵەی گەورە لە نەھێشتنی ترۆریسم کاردانەوەی بەپەلەیە کە کەلێن و کەلەبەرەکان زیاتر بکات . ھەر ھەنگاوێکی ھەیەجانی و بەپەلە کە کۆمەڵگای موسوڵمانی دانیشتووی ئوروپا و ئەمریکا کە پێکھاتووە لە ملوێنان مرۆڤی کارا و بەرپرسایەتی ھەڵگر ، بخاتە تەریک مانەوە و دڵەڕاوکێ و زیاتر لە جاران ئەوان لە مافە سەرەکیەکانیان بێبەش بکات و لە گۆڕەپانی کۆمەڵگا دووریان بخاتەوە ، نەک ھەر کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکوو مەوداکان قوڵتر و نێوان ناخۆشیەکان پەرە پێ ئەدات .

رێوشوێنی رووکەشیانە و کاردانەوەیی بەتایبەتی ئەگەر باری یاسایی بەخۆوە بگرێ ، جیا لەوەی کە بە زیادکردنی جەمسەربەندیەکانی ئێستا ، رێگا لەرووی قەیرانەکانی داھاتوو بکاتەوە ، ئەنجامێکی دیکەی لێناکەوێتەوە .

بە گوێرەی دەنگوباسەکان ، لە ھەندێ وڵاتی ئوروپایی ھەندێ یاساو ڕێسا دانراون کە شارومەندان والێدەکەن سیخوڕی بەسەر موسوڵمانانەوە بکەن . ئەم ئاکارانە ستەمکارانەن و ھەموومان دەزانین کە غەدر و ستەم بمانھەوێ و نەمانھەوێ تایبەتمەندیی گەڕانەوەی ھەیە . ھەروەھا موسوڵمانان شیاوی ئەم ناسپاسیانە نین . جیھانی رۆژاوا چەندین سەدەیە بە باشی موسوڵمانان دەناسێ .

ھەم ئەو رۆژەی کە رۆژاواییەکان لە خاکی ئیسلامدا بوونە میوان چاویان بڕیە سامانی خاوەن ماڵ و ھەم رۆژێکی دیکە کە میواندار بوون و سوودیان لە کارو بیری موسوسڵمانان وەرگرت ، زۆربەی جار لە مێھرەبانی و پشوودرێژی واوەتر ھیچی دیکەیان نەدی . کەوابوو من لە ئێوە لاوانم دەوێ لەسەر بنەمای ناسینێکی دروست و بە وردبوونەوە و قوڵبوونەوە و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونە ناخۆشەکان ، بناغەی تەعامولێکی دروست و شەرافەتماندانە لە گەڵ جیھانی ئیسلام داڕێژن . ئەوکات ، لە دواڕۆژێکی نە ھێندە دووردا دەبینین ئەو بینایەی کە لەسەر بنچینەیەکی ئاوھا دامەزراوە ، سێبەری دڵنایی و متمانە بەسەر دانەرانیدا بڵاودەکاتەوە ، گەرما وتینی ئاسایش و ئارامییان پێدەبەخشێ و تیشکی ھیوا بۆ دواڕۆژێکی روون دەخاتە سەرگێتی .



سەییدعەلی خامەنەیی

8 ی سەرماوەزی 1394 ی ھەتاوی

29 ی نوامبری 2015 ی زایینی